جیهان

11:45 - 07/12/2021

ئه‌مریكا هۆشداری ده‌داته‌ روسیا‌

پەیسەر

جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی كه‌ سبه‌ینێ له‌رێگه‌ی ڤیدیۆكۆنفڕانسه‌وه‌ له‌گه‌ڵی سه‌رۆكی روسیا، ڤلادیمیر پوتیندا ئه‌نجامی ده‌دات، هۆشداریی ده‌داته‌ هاوتا روسییه‌كه‌ی له‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر بێت و ئۆكراینا داگیر بكات، ئه‌وا ئه‌و كاره‌ ده‌ره‌نجامی ئابووریی ده‌بێت.

كاربه‌ده‌ستێكی كۆشكی سپی كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت، له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا له‌رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ زانیاریی له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ینێی نێوان بایدن و پوتین، دایه‌ رۆژنامه‌وانان.

كاربه‌ده‌سته‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، له‌میانی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بایدن بانگه‌واز له‌ روسیا ده‌كات كه‌ ئۆكراینا داگیر نه‌كات و رایگه‌یاند: "بایدن هۆشداریی ده‌داته‌ روسیا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر زیاتر پێشڕه‌ویی بكه‌ن، ئه‌وا ئه‌مه‌ باجی ده‌بێت. هه‌روه‌ها بایدن هانی گرتنه‌به‌ری رێگای دیپلۆماتی ده‌دات بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كه‌".

هه‌روه‌ها كاربه‌ده‌سته‌كه‌، جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ بایدن هۆشداریی ده‌داته‌ پوتین له‌باره‌ی ده‌ره‌نجامه‌ ئابوورییه‌كانی داگیركردنی ئۆكراینا له‌ لایه‌ن روسیاوه‌ و هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌باره‌ی ئه‌و سزایانه‌ی كه‌ له‌و حاڵه‌ته‌دا به‌سه‌ر مۆسكۆدا ده‌سه‌پێنرێن، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئۆكراینا، ڤلادیمیر زێلێنسكی و هاوپه‌یمانه‌ ئه‌وروپییه‌كانی دیكه‌ی قسه‌ ده‌كات.

هاوكات كاربه‌ده‌سته‌كه‌ زانیاریی وردی له‌باره‌ی ئه‌و هه‌نگاوه‌ سه‌ربازییانه‌ نه‌دا كه‌ به‌سه‌ر مۆسكۆدا ده‌سه‌پێنرێن ئه‌گه‌ر بێت و روسیا وڵاته‌كه‌ داگیربكات، به‌ڵام له‌ حاڵه‌تێكی له‌وشێوه‌یه‌دا ئه‌گه‌ری ناردنی سه‌ربازانی ناتۆی بۆ ناوچه‌كه‌ ره‌ت نه‌كرده‌وه‌.
ئۆكراینا دەڵێت ڕوسیا نزیکەی 90,000 سەربازی لە نزیک سنووری ئۆكراینا جێگیرکردووە.

لەلای خۆیەوە مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر ئۆكراینا بکات و وڵاتانی ڕۆژئاوا تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی وروژاندنی ڕەوشەکە، بەتایبەتی لەڕێی مەشقە سەربازییەکانیانەوە لە دەریای ڕەش.

لەلایەکی دیکەشەوە پوتن بەڵێنێکی لە ڕۆژئاوا دەوێت لەسەر ئەوەی ئۆكراینا نەبێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ.

هەروەها کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئەگەر ڕوسیا هێرش بکاتە سەر ئۆكراینا، ئایا ئەمەریکا ئامادەیە هێز ڕەوانەی ناو ئۆكراینا بکات، بەرپرسەکە وتی " ئەوان هەوڵی ئەوە نادەن بکەونە حاڵەتێکەوە کە تیایدا وەڵامەکانمان تەنها لەڕێی بەکارهێنانی هێزی سەربازیی ئەمەریکاوە بێت." ئاماژەشی بەوەدا " پێمان باشترە پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕوسیادا بە تایبەتی بهێڵینەوە."

لە ماوەی ڕابردوودا وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی " سەرەڕای ئەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵیەکانمان هێشتا لە بارودۆخێکی خراپدان، هێشتا زیندووکردنەوەیەک هەیە، گفتوگۆکان لە هەندێک بواردا دەستیان پێکردووە."

بەرپرسەکەی ئەمەریکا وتی بایدن و پوتن بابەتی دیکەیان هەیە تاوەکو قسەی لەسەر بکەن، لەوانەش " جێگیری ستراتیژیی " یاخود کەمکردنەوەی هەڕەشەی ناوەکی لەنێوان دوو وڵاتەکەدا، هەروەها کەمکردنەوەی هێرشە ئەلیکترۆنیەکان کە واشنتن مۆسکۆی تۆمەتبار کردووە بەوەی هێرشی ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدات، هەروەها هاریکاری نێوان دوو وڵاتەکە لە کەمکردنەوەی هەڕەشە ناوەکییەکانی ئێراندا.