جیهان

01:40 - 04/11/2021

ئایدۆلۆژیایه‌كی نوێی تایبه‌ت به‌خۆی داناوه‌‌

پەیسەر

كیم جونگ ئۆن، وێنه‌كانی باوكی و باپیری له‌ بیناو باڵه‌خانه‌ فه‌رمییه‌كاندا له‌ پیونگ یانگی پایته‌خت لێده‌كاته‌وه‌، به‌پێی رۆژنامه‌ی تایمزی به‌ریتانی، له‌ هه‌وڵێكی ئاشكرادا بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ ژێر سێبه‌ریان بهێنێته‌ ده‌ره‌وه‌ و وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی پاڵه‌وان خۆی بناسێنێت.

رۆژنامه‌كه‌ رونیكردوه‌ته‌وه‌، بره‌ودان به‌ ئایدۆلۆژیای تایبه‌ت به‌ ناوی كیم جونگ ئۆنه‌وه‌ ده‌ستیپێكردوه‌، هه‌واڵگری كۆریای باشور رایگه‌یاندووه‌، ده‌سته‌واژه‌ی ئایدۆلۆژیای نوێ له‌ كۆریای باكوری ناوی " كيمجونگونیه‌" و له‌ فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كاندا به‌كارده‌هێنرێت.

مانای دەستەواژەکە ڕوون نییە: باس لە بیرۆکەیەکی سیاسی دیاریکراو ناکات، ڕەنگە جگە لە دووپاتکردنەوەی "گەورەیی و حیکمەتی" کیم هیچی تر نەبێت و ئاماژە بە سەربەخۆیی کۆریای باکوور بکات نەک تەنیا لە ڕۆژئاوای سەرمایەداریەوە بەڵکو لە کوتلەی کۆمونیستی كه‌ له‌سه‌رده‌می جه‌نگی سارددا كۆریا له‌و به‌ره‌یه‌دا بوو.

ساڵانی حه‌فتا و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو، ده‌سته‌واژه‌كانیKimilsungism وkimjongilism به‌كارده‌هێنرا، بۆ باوك و باپیری كیم، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ سه‌ربه‌خۆیی كۆریا له‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت.

هاوكات ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانی كۆریا ده‌سته‌واژه‌ی "سه‌ركرده‌ی مه‌زن" بۆ كیم جونگ ئۆن به‌كارده‌هێنن كه‌ پێشتر بۆ باپیری به‌كارده‌هێنرا.

گۆڕانكارییه‌كان پێش مانگێك دێن له‌ ده‌هه‌مین ساڵیادی گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن كیم جۆن ئۆنه‌وه‌، رۆژنامه‌ به‌ریتانیه‌كه‌ پێیوایه‌ بێ پێشینه‌یه‌ و واتای ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت رێبه‌ری كۆریا متمانه‌ی به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی خۆی هه‌یه‌.