12:03 - 20/11/2018
توێژینەوەیەک: لەدوای 11ی سێپتەمبەر ئەمریکا نزیکەی 6 ترلیۆن دۆلاری خەرج کردووە
بەپێی توێژینەوەیەک ئەمریکا نزیک دەبێتەوە لە خەرج کردنی 6 ترلیۆن دۆلار لە جەنگە جیاوازەکاندا لەدوای یازدەی سێپتەمبەرەوە.
بەپێی شیکارییەکی ساڵانەی پەیمانگای واشنتن بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و گشتی سەر بە زانکۆی براون، ئەمریکا ئەو بڕە خەرجییەی هەبووە بەپێی خەرجییە جیاوازەکانی پەیوەست بە جەنگەوە لەوانەش بودجەی دابینکراو بۆ جەنگ، و خەرجییەکانی وەزارەتی دەرەوە و خەرجی خزمەتگوزارییەکان بۆ خانەنشینانی جەنگ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی عێراق و سوریا و ئەفغانستان و وڵاتانی دیکە.
نیتا کراوفۆرد کە نوسەری ئەو توێژینەوەیە ڕایدەگەیەنێت ئێمە پێماندەوترا کە دەبێت پێشبینی جەنگێکی خێرا و بەتێچوویەکی کەم و کاریگەری زۆرو لەبەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا بێت. بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێمە خۆمان تێچووی ئەو جەنگانە دابین دەکەین، هەر خودی تێچووی ئەو جەنگانە تەحەددایەکە لەبەردەم ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەماندا.
بەپێی توێژینەوەکە خەرجییەکانی جەنگ بە بودجەی ساڵی 2019ـەوە دەگاتە 4 ترلیۆن و 900 ملیار دۆلار. لەگەڵ ئەوەشدا 1 ترلیۆن دۆلاری دیکە ئامادەکراوە بۆ خزمەتگوزاری خانەنشینانی جەنگ و ئەمەش وادەکات کە تێچووی پەیوەیست بە جەنگ بگاتە 4 ترلیۆن و 900 ملیار دۆلار.
ئەگەر تاوەکو ساڵی 2023 خەرجییەکانی جەنگ بەمشێوەیە بەردەوام بن ئەوا تێچوویان دەگاتە 6 ترلیۆن و 700 ملیار دۆلار.
جاک رید ئەندامی لیژنەی کاروباری سەربازی سەربە ئەنجومەنی پیران ڕایگەیاند زۆر گرنگە کە خەڵکی ئەمریکا لە خەرجی ڕاستەقینەی جەنگ تێبگات هەم لەڕووی مۆراڵیەوە هەمیش لەڕووی سیاسەتی داراییەوە. بە وتەی ئەو ئەمریکا لەڕێگەی قەرزکردنەوە داهاتی جەنگی خۆی و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەکات.
بەپێی دواهەمین قەبڵاندنەکانی پنتاگۆن لەدوای 11ی سێپتەمبەرەوە ئەمریکا لە ئەفغانستان وعێراق و سوریا 1 ترلیۆن و 500 ملیۆن دۆلاری خەرج کردووە، ئەمەش لە ڕاپۆرتێکدا لە مانگی ئابی ئەمساڵ پێشکەش بە کۆنگرێسی ئەمریکا کراوە.
پەیمانگای واشنتن ڕایدەگەیەنێت کە بەتەنها خەرجی هەریەکە لە پنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوە لە جەنگی عێراق و ئەفغانستان 1 ترلیۆن و 800 ملیۆن دۆلار بووە، کە جەنگی عێراق 822 ملیار و ئەفغانستان 975 ملیار دۆلار بووە.
بەپێی توێژینەوەی ئەو پەیمانگایە ئەمریکا لە سوریا 54 ملیار و لە پاکستان 10 ملیار دۆلاری خەرج کردووە لە هەمان ئەو ماوەیەدا، لەکاتێکدا کە لە ئەفریقا و ئەوروپا بڕی 137 ملیار دۆلار خەرج کراوە.
سەرەڕای ئەو خەرجیانە، بەپێی توێژینەوەکە ژمارەی کوژراوان بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی پەیوەست بە ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان و پاکستان لەدوای 11ی سێپتەمبەرەوە گەیشتووەتە 480 هەزار بۆ 507 هەزار کەس. ئەم ئامارە هەریەکە لە سەربازانی ئەمریکی، و کارمەندە مەدەنییەکانی پنتاگۆن و ئەوانەش دەگرێتەوە کە بەگرێبەست کاریان لەگەڵ ئەمریکا کردووە، و هێزەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا و هاووڵاتیانی مەدەنی و هێزە ئۆپەراسیۆنیەکان و رۆژنامەنووس و خەڵکی دیکەش.