جیهان

11:03 - 24/11/2020

بۆ تاووتوێی دۆسیەی نەوت، وەزیری دەرەوەی عێراق دەچێتە مۆسكۆ‌

پەیسەر

وەزیری دەرەوەی عێراق بەسەرۆكایەتی شاندێكی حكومەتی عێراق لەسەرداوای هاوتاكەی دەچێتە ڕووسیاو گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی نەوت و گاز دەكرێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق –ئەحمەد سەحاف- ڕایگەیاند، ئەمرۆ چوار شەممە فوئاد حوسەین وەزیری دەرەوەی عێراق بەسەردانێكی فەرمی دەچێتە وڵاتی ڕوسیا و سەدانەكەش لە سەرداوای لافرۆڤ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەیە.

سەحاف ئەوەشی ڕاگەیاندووە كە وەزیرەكانی نەوت، بازرگانی، پەیوەندیەكانی دەرەوە لەنێو شاندەكەدان و تەوەری سەرەكی سەردانەكەش تایبەتە بە گفتوگۆكردن لە بارەی كەرتی نەوت و پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات.

كۆمپانیا ڕووسیەكان لە كەرتی نەوتی عێراق و هەرێمی كوردستانیش پشكی سەرەكییان هەیەو پێشتریش باڵیۆزی روسیا لە عێراق– ماكسیم ماكسیمۆڤ-  ڕایگەیاندبوو كە عێراق و ڕوسیا پەیوەندییەكی زۆریان لەبواری نەوت و وزەدا هەیەو مۆسكۆش بایەخی زۆر بە عێراق دەدات لەو بارەیەو ساڵانەش بە قەبارەی 13 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی هەیە لە بواری نەوت و گازداو روسیاش بەردەوام كار بۆئەوە دەكات كە پەیوەندییەكانیان زۆر باش بێت و كۆمپانیاكانی (زاروبیچ، ئیستریترانگاز، سیوزن فگاز،. ئیریاڵ، غاز سیرڤس) ی رووسی لە بواری نەوت و گازی عێراقدا كار دەكەن، لە گەل ئەوەشدا كۆمپانیای –لوك ئۆیەڵ- ی ڕووسیش لە بواری گەڕان و دۆزینەوەی نەوتدا لە عێراق كاری باشی كردووەو 20 ساڵە خەریكی ئەو كارەیە ، كۆمپانیاكانی گازپرۆم و باشنفت و روزنەفتی ڕووسیش لە بواری بازرگانیدا ناوبانگی تایبەتییان هەیە.هەربۆیە دەخوازین تا ماوەیەكی درێژ وەبەرهێنانی نەوت و گازمان لە عێراق بەردەوام بێت.

بە پێی زانیارییە رۆژنامەوانیەكانیش ئەو بۆرییەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەرەو بەندەری جەیهان دەگوازێتەوە، خاوەندارێتیەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كۆمپانیای رۆزنەفت و حكومەتی هەرێمی كوردستان فرۆشتوویەتی.
عێراق لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا لە دوای عەرەبستانی سعودییە بە دووەم پلە دێت لە وەبەرهێنانی نەوت و گازدا و خاوەنی یەدەگێكی زۆری نەوت و گازە.