جیهان

01:15 - 03/01/2019

پیانۆ ئاڵتونییه‌كی كۆشكی شاهانه‌ی به‌ریتانیا كچه‌كه‌ی سه‌دامی هێنایه‌ قسه‌‌

پەیسەر

له‌ماوه‌ی ڕابردوودا شاژنی به‌ریتانیا ئه‌لیزابێس له‌ وێنه‌یه‌كدا ده‌ركه‌وت، كه‌ پیانۆیه‌كی ئاڵتونی له‌ پشته‌وه‌یه‌ و هه‌ر زوو ڕاگه‌یاندكاران و میدیاكانی به‌ریتانیا ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد، كه‌ ئه‌و پیانۆیه‌ هی كۆشكێكی سه‌دام حوسێن بووه‌، له‌ ئازادكردنی عیراق ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌، به‌ڵام كچێكی سه‌دام حوسێن ئه‌و هه‌واڵه‌ به‌ درۆ ده‌خاته‌وه‌.


له‌ تویتیكیدا ژنه‌ ڕۆژنامه‌وانی به‌ریتانی جاكی بێرد له‌سه‌ر وێنه‌یه‌كی شاژنه‌ ئه‌لیزابێس نووسیوویه‌تی " ئه‌و پیانۆ ئاڵتونییه‌ی له‌پشت شاژنه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ یه‌كێك له‌ كۆشكه‌كانی سه‌دام حوسێن و له‌ جه‌نگی كه‌نداو  هێنراوه‌."

ئه‌م تویته‌ ڕه‌غدی كچی سه‌دام حوسێنی هێنایه‌ قسه‌ و ڕایگه‌یاند"میدیاكانی به‌ریتایا وه‌كو هه‌میشه‌ درۆ  و ساخته‌چێتی ده‌كه‌ن."
ڕه‌غد به‌ میدیاكانی ڕاگه‌یاندووه‌" ئه‌و پیانۆ ئاڵتونییه‌ كه‌ له‌ پشت شاژنه‌ ئه‌لیزابێسه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌، نه‌ هی باوكم بووه‌ و نه‌ هیچ كه‌سێكی خانه‌واده‌ی سه‌دام حوسێن و به‌ هیچ جۆرێكیش له‌ كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی عێراقی نه‌براوه‌."

له‌ كۆتایدا ڕه‌غدی كچی سه‌دام حوسێن كه‌ ئێستا بووه‌ به‌ گوته‌بێژی بنه‌ماڵه‌كه‌ی ده‌ڵێت" ڕاگه‌یاندی به‌ریتانیا بۆ ئه‌و درۆیه‌ هه‌ڵده‌بستن تاوه‌كو له‌و دۆخه‌ شه‌رمه‌زاره‌ ڕزگاریان بێت، كه‌ هه‌موو كه‌س قسه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بووه‌، پیانۆیه‌كی ئاڵتونی له‌ پشت شاژنی به‌ریتانیا ده‌ركه‌وتووه‌ و له‌ كۆشكه‌یدایه‌."
له‌ ساڵی 2003 كاتێك سوپای هاوپه‌یمانیان ڕوویان له‌ عێراق كرد و سوپاكه‌ی سه‌دام حوسێن تێكشێنرا، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كه‌ره‌سته‌ و شوێنه‌راری عێراق له‌ لایه‌ن هێزه‌كانه‌وه‌ به‌ تاڵان بران.