جیهان

05:53 - 13/06/2020

پەیوەندی نێوان كۆرۆنا و دەمامك‌

پەیسەر

لێكۆڵینەوەیەكی نوێ پەیوەندی نێوان دەمامكی دەم و چاو و سنورداركردنی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاشكرا دەكات، ڤایرۆسێك كە زۆرینەی سەرزەوی گرتۆتەوە و زیاتر لە 7،7 ملیۆن كەس توشی بووە لەسەرتاسەری جیهان.

 
بەپێی لێكۆڵینەوەیەك كە لێكۆڵەرەوەكان لە تكساس و كالیفۆرنیا ئەنجامیانداوە و ئەنجامەكەی لە گۆڤاری " وەقائیعی ئەكادیمی نیشتمانی بۆ زانست" بڵاوكراوەتەوە تێیدا زاناكان بەراوردیان كردووە لەنێوان تێكرای توش بووان بەكۆڤید 19 لە ئیتاڵیا و نیویۆرك پێش و دوای سەپاندنی بەكارهێنانی دەمامگ.

زاناكان گەیشتونەتە ئەوەی كە تێكرای توش بوون لەهەردوو شوێنەكە بەهۆی بەكارهێنانی دەمامكەوە كەمیكردووە، بەپێی ئەنجامەكانی لێكۆڵینەوەكە بەكارهێنانی دەمامك وایكردووە 78 هەزار حاڵەتی توش بوون لە ئیتاڵیا لەنێوان 6ی نیسان و 9ی ئایار تۆمار نەكرێت و لەشاری نیویۆركیش ژمارەی ئەو كەسانەی گریمانە دەكرێت توشی كۆرۆنا ببن ئەگەر دەمامك بەكارنەهێندرابایە ئەوە 66 هەزار كەس دەبوو لەنێوان 17ی نیسان تا 9ی ئایار.

لێكۆڵەرەوەكان ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەیان لەوەدا كورت كردۆتەوە كە بەستنی دەمامك لەشوێنە گشتیەكان بەیەكێك لەرێگا كاریگەرەكانی خۆپارێزی دادەنرێت لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەنێوان مرۆڤەكاندا، و بەهەنگاوێكی گرنگی پێویستیان داناوە بۆ رێگری و وەستاندنی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە، لەگەڵ گرتنەبەری چەند رێكارێكی تری وەك دووركەوتنەوەی خەڵك لەیەكتر و كەرەنتینەكردن و چاودێریكردنی حاڵەتەكانی توش بوون، تا ئەو كاتەی ڤاكسینێكی كاریگەر دەدۆزرێتەوە كە توانای ئەوەی هەبێت پەتاكە لەناوبەرێت، تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریكی بڵاویكردەوە ئەو لێكۆڵینەوەیە ئاماژەی بەوەكردووە كە داپۆشینی دەم و چاو بە دەمامك رێگری دەكات لە بڵاوبونەوەی كۆڤید 19 لەرێگەی هەواوە،

بەوپێیەی دووركەوتنەوە لەیەكتر و كەرەنتینەكردن و بەكارهێنانی مادەی تەعقیم بۆ دەست رێگری لەتوش بوون بەكۆرۆنا ناكەن لەكاتی كۆكە و پژمینی كەسی توش بوو ئەگەر دەمامك بەكارنەهێندرێت، ئەو كەسانەی كە بەشداری لێكۆڵینەوەكەیان كردووە لە زانكۆكانی تكساس ئەی ئەند ئێم و تكساس و كالیفۆرنیا و سان دیگو و پەیمانگای كالیفۆرنیا بۆ تەكنەلۆجیا بوون هۆشداریان داوە لەوەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی و ناوەندی ئەمریكی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی نەخۆشی و خۆپارێزی گرنگی دەدەن بە رێگری لەبڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە لەرێگەی پەیوەندی راستەوخۆ و گواستنەوەی ڤایرۆسەكە لەرێگەی هەوایان پشتگوێ خستووە.