جیهان

02:43 - 28/05/2020

نه‌خشه‌ ڕێگه‌ی بوژانه‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا لەدۆخی قەیراناویی كۆرۆنادا‌

پەیسەر

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ئابوونه‌یه‌كی 750  ملیار یۆرۆییی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكاری یه‌كێتی ئه‌وروپاوه‌ پێشكه‌شكرا له‌پێناو بوژانه‌وه‌ی ئابووری كیشوەری ئه‌وروپادا، بۆ دەربازبوون لەو ته‌نگژه‌ نوێیه‌ی كه‌‌ هه‌رگیز پێشتر ئه‌زموون نه‌كراوە، گه‌ر ڕه‌زامه‌ندی كۆ ئه‌ندامه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت، گه‌وره‌ترین نه‌خشه‌ڕێگه‌ی بوژانه‌وه‌ ده‌بێت له‌ مێژووی یه‌كێتی ئه‌وروپاداو دەركرێت بگوترێت، لێكەوتە ئابوورییەكانی كۆرۆنا لە ئەوروپادا چارەسەر دەكات.

بڕیاره‌ 500 ملیار یۆرۆ به‌شێوه‌ی يارمه‌تی بدرێت و 250  ملیار یۆرۆی به‌شێوه‌ی قه‌رز بدرێت به‌ ئه‌ندامانی وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا، چاودێران وای بۆ دەچن یارمه‌تییه‌ داراییه‌كه‌ ڕه‌زامه‌ندی فه‌ڕه‌نساو ئه‌ڵمانیای له‌سه‌ربێت به‌وپێه‌ی هه‌فته‌ی پێشوو هه‌ردوو وڵاته‌كه‌ یارمه‌تیه‌‌كی دارایی به‌بڕی500 ملیار یۆرۆیی خسته‌ڕوو بۆهاوبه‌شیپێكردنی قه‌رزه‌كان به‌ ڕێكاریكی ته‌واو نوێوه‌و‌ خودی هه‌نگاوه‌كه‌ش‌ گۆڕانگارییه‌كی ڕیشه‌یی پێوه‌دیاره‌ له بنه‌ماكانی كاركردنی ئه‌ڵمانیا‌‌دا، به‌ڵام جێبه‌جێكردنی وه‌ها نه‌خشه‌ ڕێگه‌یه‌ك پێویستی به‌ ڕه‌زامه‌ندی كۆی 27 ئه‌ندامه‌كه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپایه‌ و پێده‌چێت ئەوەش كارێكی سه‌خت بێت به‌وپێیه‌ی پێشتر بوودجه‌ هه‌زار ملیار یۆرۆییان ڕه‌تكرده‌وه كه‌ لەساڵی ‌ 2012 تا  ده‌خایاند2027‌.

به‌پێی سه‌رچاوه‌ هه‌واڵییه‌كان پێده‌چیت به‌شی شێری یارمه‌تییه‌كانیان به‌رئیسپانبا و ئیتاڵیا بكه‌وێت به‌وپێیه‌ی زه‌ره‌رمه‌ندترینی ته‌نگژه‌ی كۆرۆنان و هه‌ردوو وڵاته‌كه‌ش جه‌خت له‌سه‌ر وه‌رگرتی ئابوونه‌كه‌ ده‌كه‌ن وه‌ك یارمه‌تییه‌كی دارایی نه‌ك وه‌ك قه‌رزێك بچێته‌ پاڵ قه‌رزه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانیان.

ئه‌م دۆخه‌ ئابوویه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا نه‌بووه‌ هۆی ڕێكخستنی وڵاتانی باكور و باشوری ئه‌ورپا به‌ڵكو ناكۆكیه‌كی نوێی خسته‌ نێوان دووبه‌ره‌كه‌وه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ سروشتی پاڵپشتییه ده‌سته‌به‌ركراوه‌كان بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا، به‌جۆریك وڵاته‌ باشورییه‌كانی هۆڵندا و نه‌مساو دانیمارك و سوید سوورن له‌سه‌ر ده‌سته‌به‌ركردنی یارمه‌تییه‌كان به‌شێوه‌ی قه‌رز.

(ئه‌رسۆلا ڤۆندیرله‌ین)ی سه‌رۆكی  ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكاری یه‌كێتی ئه‌وروپا‌ له‌كاتی پێشكه‌شكردنی نه‌خشه‌ پلانه‌كه‌دا ده‌ڵێت: كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ بجوڵێین، هیچكام له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا به‌ته‌نیا ناتوانێت ئه‌م دۆخه‌ چاره‌سه‌ربكات، ته‌نگژه‌كه‌ له‌ هه‌موومان گه‌وره‌تره‌.

هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ش كراوە كه‌نابێت گه‌شه‌ی ستراتیژیی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌وروپا پشتگوێ بخرێت به‌ڵكو ده‌بێت كاربكرێت بۆ به‌تواناكردنی ئه‌وروپا له‌كاتی ته‌نگژه‌كاندا و كه‌متر پشت به‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆی ببه‌ستێت به‌تایبه‌تی به‌ وڵاتی چین.