10:53 - 27/05/2020
لەگەڵ رێكارە قورسەكانی ...بۆچی پیرۆ بووە مۆڵگەی كۆرۆنا
رێكخراوی تەتدروستی جیهانی پێی وایە رێكارەكانی خۆپارێزی وڵاتان لە ڤایرۆسی كۆرۆناوە ئاستی سەركەوتنی ئەو وڵاتانە بەسەر نەخۆشیەكەدا دیاری دەكات، بەڵام پێدەچێت ئەم یاسایە لەسەر پیرۆ جێبەجێ نەبێت.
پیرۆ بەیەكێك لەو وڵاتانە دادەنرێت كە هەر لەسەرەتاوە رێكاری توندی خۆپارێزی بۆ رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا گرتە بەر، فەرمانی بەهاوڵاتیەكانی كرد لەماڵەكانیان بمێننەوە و قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاند، بەڵام ئەم رێكارانە ئەنجامێكی ئەرێنی ئەوتۆیان بەدوای خۆیاندا نەهێنا، بەجۆرێك پیرۆ بووە یەكێك لەزیانمەندترین وڵاتانی ئەمریكای باشور و باكور.
بەپێی راپۆرتی تۆری سی ئێن ئێنی ئەمریكی 130 هەزار كەس لەو وڵاتە دووچاری ڤایرۆسەكە بوون و 4 هەزار كەسیش تا سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە گیانیان لەدەستدا، ئەوەش ژمارەیەكی زۆرە بەراورد بەژمارەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە كە 31 ملیۆن كەسە.
پیرۆ و بەرازیل
پیرۆ بە دووەم زیانمەندترین وڵاتانی ئەمریكای باشور دادەنرێت لەدوای بەرازیل، سیاسیەكان لەمامەڵەكردن لەگەڵ كۆرۆنا بۆچوونی جیاوازیان هەبوو، جاییر پولسونارو سەرۆكی بەرازیل لەمەترسیەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنای كەمكردەوە و لەگەشتە مەیدانیەكانی رێكارەكانی خۆپارێزی پشتگوێ دەخست، و دەمامك و دەستكێشی بەكارنەدەهێنا.
لەبەرامبەردا مارتن فیزكار سەرۆكی پیرۆ دۆخی نائاسایی لەسەرئاستی وڵاتەكەی راگەیاند لە 15ی ئازارەوە، هەروەها قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی سنورەكانی گرتەبەر، بەڵام ئەنجامەكان بێ ئومێدكەربوون و بەخێرایی نەخۆشیەكە بڵاوبۆوە و بووە هۆی مردنی هەزاران كەس و توش بووانی 130 هەزار كەس.
نزیكەی 85% یەكەی چاودێری چر كە دەزگای هەناسەدانی دەستكردیان تێدابوو نەخۆشیان تێدایە، ترسی ئەوەش هەیە ژمارەی توشبووان بگاتە ئاستێك كە نەخۆشخانەكان توانای كۆنترۆڵكردنیان نەمێنێت.
ئەلفریدو سیلیس پزیشك و مامۆستای زانكۆ لەپیرۆ دەڵێت دۆخەكە لە پیرۆ لە ئاستی باری نائاسایی تەندروستی دا نیە بەڵكو لەئاستی كارەسات دایە، بەوپێیەی كۆرۆنا توانای كەرتی تەندروستی تێپەراندووە و نەخۆشخانەكان توانای وەرگرتنی توش بووانیان نیە.
ئەنجامی كارەساتباری پیرۆ چۆن لێكدەدرێتەوە؟
سی ئێن ئێن دەڵێت زۆرینەی هاوڵاتیانی هەژار دابینكردنی پێداویستیە سەرەتاییەكانی ژیانیان لە گرتنەبەری رێكاری تەندروستی بە باشتر دەزانی.
دكتۆر ئیلمر هویرتا كە پزیشكێكی خەڵكی پیرۆیە بە كەناڵەكە ئەمریكیەكەی راگەیاندووە" ئەم ڤایرۆسە دۆخی ئابوری و كۆمەڵایەتی وڵاتانی ئاشكرا كرد"
زۆرینەی هاوڵاتیانی هەژاری پیرۆ ناچاربوون سەركێشی بكەن و لەماڵەكانیان بێنەدەرەوە بۆ ئەوەی كاربكەن و پێداویستیەكانی ژیانیان دابین بكەن.
بەنمونە 49%ی خێزانەكانی شارنشینەكانی پیرۆ بەفرگریان هەیە، بەپێی ئەو ئامارە فەرمیانەی كە لەساڵی 2017 دا بڵاوكراونەتەوە، هویرتا پێی وایە ئەو ئامارە ئەوە پیشان دەدات كە هاوڵاتیان ناچارن رۆژانە بچنە بازارەكان و خۆراك بەدەست بهێنن چونكە بەفرگریان نیە و توانای ئەوەیان نیە لەماڵەوە خۆراك هەڵبگرن.
كۆبونەوە و قەرەباڵغی
لەناوەراستی مانگی نیسانی رابردوو ، واتا یەك مانگ دوای گرتنەبەری رێكارە قورسەكان، چەندین وێنەی كۆبونەوەی خەڵك بڵاوكراونەوە لە سەرەی دووروودرێژ لەیەكێك لە بازارەكانی دەوروبەری شاری لیمای پایتەخت، لەو وێنانەدا دەركەوت هەندێك كەس دەمامكیان بەكارهێناوە بەڵام دووركەوتنەوە لەیەكتر موستەحیل بوو.
ئەو كاتە ژنێك كە لەسەرەكەدا وەستاوە گوتویەتی " ناچارن لەگەڵ ئەو خەڵكە بوەستن چونكە هیچ رێگەیەكی تر نیە بۆ دەستخستنی خۆراك.
لەو كاتەدا واتا لەناوەراستی مانگی نیساندا ژمارەی توش بووان بەكۆرۆنا 10 هەزار كەس بوو بەڵاك ئەمرۆ ژمارەكە 13 ئەوەندە زیادیكردووە.
وا پێدەچێت هەنگاوەكەی حكومەت " پلانی هاندان" كە كابینەكەی فیزكار بریاری لەسەردا و تێیدا بریاردرا هاوكاری دارایی بدرێتە دانیشتوان یارمەتیدەری بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكەی دابێت.
كریستیان لوبیز مامۆستای ئابوری پیرۆ لە زانكۆی كالیفۆرنیا دەڵێت پلانەكەی حكومەت بۆ هاوكاری ملیۆنان خێزانی هەژاری پیرۆیی باش بوو بەڵام رێكاری دابەشكردنی ئەو هاوكاریە كارەسات بوو.
لەچەندین وێنەی تردا دەردەكەوێت كە خەڵك لەسەرەی دووروودرێژدان لەبەردەم بانكەكان و چاوەرێی وەرگرتنی هاوكاری داریی حكومەت دەكەن.