10:45 - 30/12/2018
ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان چەندە؟
سەرژمێری یەكێكە لە بنەما بنەڕەتی و زانستیەكانی كۆن و نوێ و سەردەمیش، چونكە لەو رێگەیەوە دەوڵەت لە ئاستی گەشەكردن یان وەستان و پاشەكشەی دانیشتوانی سنوورەكەی خۆی دەزانێت، هەر لەو رێگەیەوە دەتوانرێت ئاستی تەمەن دیاری بكرێـت بۆ ئەوەی دەوڵەت بزانێت خاوەنی كۆمەڵگەیەكی گەنجە یان كۆمەڵگەی پیر، لە رێگەی ئامارو سەرژمێرییەوە پێویستیەكان و زیادەكان دێتە بەردەست،. ئەمانەو چەندین كایەی تری دەوڵەتداری گرنگ لە رێگەی سەرژمێری و ئامارەوە بەرجەستە دەبێت، بەڵام لە عێراق یەكێك لە كێشەكانی بەردەم سەرژمێریەكان ئەوەیە سیاسیەتی نالەبارو ناجێگری وڵاتە هەمیشە رۆڵی هەبووە لە ئەنجام دان یان ئەنجام نەدانی ئەو كارە گرنگەدا.
سەرژمێری لە عێراق هەر دە ساڵ جارێك ئەنجام دەدرێت، یەكەمەین سەرژمێریش ساڵی 1927 ئەنجام دراوە و لە دوای ئەویشەوە هەموو دە ساڵ جارێك ئەنجام دراوە، جگە لە چەند ساڵێك كە كێشەی گەورەی هاتۆتە بەردەست. شایانی باسە سەرژمێری 1957 تا ئێستە بە باشترین سەرژمێریەكانی عێراق دادەنرێت و تا ئێستەش سەرجەم كارە یاسایی یەكان و پێدانی رەگەزنامەو پێناسی باری كەسی عێراقی لەسەر ئەو بنەمایە دەدرێت.
لە ساڵی 1991 ەوە كە هەرێمی كوردستان وەك كیانێكی نیمچە سەربەخۆ لە عێراق كارەكانی رایی دەكات، تا ئێستە سەرژمێری یاسایی و دان پێدانراو ئەنجام نەدراوە، ئەمەش بە یەكێك لەهەڵەو كێشەكانی بەردەم دەوڵەتداری لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش دروست دەكات، شارەزایان پێیان وایە بە هەر هۆكارێك ئەگەر سەرژمێری ئەنجام نەدرا ئەوا لەهەندێك رێگەی ترەوە دەتوانرێت ئامار یان سەرژمێرییەك وەربگیرێت كە تاڕادەیەك نزیك بێت لە راستییەوە بەڵام توانای یاسایی و زانستی بوونی ناگات بە ئامار و سەرژمێری راستەقینە. یەكێكیش لەو رێگایانە بوونی فۆرمی خۆراكە لە عێراق(هەرچەندە خاوێن نیە)و یەكێكی تریش لیستی دەنگدانی هاوڵاتیان و دواجاریش زیادكردنی ئاماری لەدایك بوون و مردنی ساڵانەیە(ئەمەشیان هێشتا خاوێن نەكراوەتەوە) و یەكێكی تریش بریتیە لە ئاماری ساڵانەی فەرمانگەكانی حكومەتە.
بەپێی وتەكانی رۆژنامەنووس (ئاراس عوسمان) كە لە زاری پەرلەمانتارێكی كوردەوە (بەبێ ناوهێنان) وەریگرتووە، ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستانی لە واڵەكەی خۆی بڵاوكردوەتەوە ، هەر پارێزگایەكیش بەجیاواز ژمارەكانی خراوەتە ڕوو.
سلێمانی: 2162279
هەولێر:1854778
دهۆك: 1292535
بەو پێیە بێت سەرجەم دانیشتوانی هەرێم بە بێ ناوچە كوردستانیەكانی دەروەی هەرێم بریتیە لە :
5309592 كەس
%13.927 ی هەموو عێراق پێكدێنێت..
لەبەر ئەوەی پارێزگای هەڵەبجە هێشتا وەك پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ نەكراوە لەلایەن عێراقەوە، ئامارەكەی لەگەڵ پارێزگای سلێمانی پێكەوە دانراوە.
لەبەر ئەوەی دەمێكە بە پاساوی جیاوازەوە ئامار و سەرژمێری یاسایی لە عێراق و كوردستان ئەنجام نەدراوە، ناكرێت ئەو ژمارانە بە كۆتایی وەربگیرێت و لەگەڵ ئەوەشەدا ناكرێت بەهەند وەرنەگیرێت، لەگەڵ ئەوەشدا گومان دەكرێت وتەكانی ئەو پەرلەمانتارەی كورد تەنها بۆ ئەوە بووبێت كە بەشە بوودجەی هەرێمی كوردستان لە بەغدادەوە لەو رێژەیە كەمتر نەبێت لەكاتێكدا ئەو بودجەیەی كە بۆ هەرێم دیاری كرا تەنها (12.67) زیاتر نەبوو. هەرچۆنێك بێت زانیاریەكان جێگەی بایەخن.