جیهان

11:17 - 08/04/2020

روسیا و ئه‌مریكا بۆ دروستكردنى ڤاکسینی كۆرۆنا كێبڕكێ ده‌كه‌ن‌

پەیسەر


له‌كاتێكدا ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ به‌خێرایی له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان بڵاوده‌بێته‌وه‌، وڵاتان پێشبركێ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی ڤاكسین بۆ وه‌ستانی بڵاوبوونه‌وه‌ی و كۆتایی پێهێنانی.

له‌نێوان ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ پێشبركێی كات ده‌كه‌ن، بۆ په‌ره‌پێدانی ڤاكسینی دژه‌ كۆرۆنا، روسیا و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا هه‌ن، به‌جۆرێك روسیا رایگه‌یاند، تا كۆتایی مانگی حوزه‌یرانی داهاتوو تاقیگه‌كانی ئاماده‌ده‌بن بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی ڤاكسینی دژه‌ كۆرۆنا له‌سه‌ر نه‌خۆشه‌كانی، له‌به‌رامبه‌ردا دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند 10 مادده‌، له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دان بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

رینات ماكسیوتوف سه‌رۆكی ناوه‌ندی ڤیكتۆر بۆ زانستی ڤایرۆسی و  ته‌كنه‌لۆژیای زیندوو، كه‌ ناوه‌نده‌كه‌ی یه‌كێكه‌ له‌گه‌وره‌ترین ناوه‌نده‌ لێكۆڵینه‌وه‌ حكومییه‌كان له‌ روسیا رایگه‌یاند، پێشنیاریان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی قۆناغی یه‌كه‌می به‌كارهێنانی ڤاكسینه‌كه‌ بۆ 180 خۆبه‌خش به‌كاربهێنن له‌ 29ی حوزه‌یرانی داهاتوو، ماكسیوتوف له‌رێگه‌ی ڤیدیۆیوه‌، به‌ پۆتنی راگه‌یاند كه‌ خۆبه‌خشه‌كان ئاماده‌ن و زۆركه‌سیش ئاماده‌ییان پیشانداوه‌ به‌شداری بكه‌ن.

ده‌شڵێت، زاناكانیان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی تاقیگه‌كانن له‌ناوچه‌ی كولتسوفو له‌ده‌ره‌وه‌ی شاری نوفوسیبیرسك له‌ سیبیریا، و له‌ئێستادا ئه‌و تاقیكردنه‌وانه‌ له‌سه‌ر مشك و كه‌روێشك و چه‌ند ئاژه‌ڵێكی تر ده‌كرێن و ئه‌نجامه‌كانیشیان له‌ 30 ئه‌م مانگه‌ ده‌رده‌كه‌ون، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد ناوه‌نده‌كه‌ی ته‌كنیكی ڤاكسینی نه‌خۆشیه‌ درمییه‌كانی تری هه‌یه‌، كه‌ پێشتر له‌سه‌ر مرۆڤ تاقی كراونه‌وه‌ و ده‌كرێت له‌دژی كۆرۆنا به‌كاربهێندرێن.

ناوه‌ندی ڤیكتۆریا له‌سه‌رده‌می یه‌كێتی سۆڤیه‌تی پێشوو ، شوێنی نهێنی بووه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌چه‌كی بایه‌لۆژی و له‌كۆگاكانیدا چه‌ندین ڤایرۆس هه‌ن.

لای خۆیه‌وه‌ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ئێواره‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، هه‌فته‌ی داهاتوو زۆر قورس ده‌بێت بۆ بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد وڵاته‌كه‌ی زۆرترین تاقیكردنه‌وه‌ ده‌كات له‌سه‌رئاستی جیهان ده‌رباره‌ی كۆرۆنا، گوتیشی 10 ده‌رمان له‌ئێستادا له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ژێر تاقیكردنه‌وه‌دان.

پێشبركێی روسی- ئه‌مریكی- بۆ زاڵ بوون به‌سه‌ر كۆرۆنادا له‌كاتێكدایه‌ ئه‌و ڤایرۆسه‌ له‌هه‌ردوو وڵات بڵاوبۆته‌وه‌ ، به‌پێی ئاماره‌كانی زانكۆی جونزهوبكنز  كه‌ شه‌وی سێشه‌ممه‌ بڵاویكرده‌وه‌، له‌ 24 كاتژمێری پێشووتردا 1939 كه‌س له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌هۆی ئه‌و ڤایرۆسه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌،  به‌وه‌ش ژماره‌ی مردووان له‌و وڵاته‌ گه‌یشته‌ 12722 كه‌س، له‌به‌رامبه‌ردا له‌ روسیا رۆژی سێشه‌ممه‌ 7497 توش بوو و 58 مردوو تۆمار كراون.