جیهان

12:02 - 23/10/2019

زانیارى نهێنى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى پۆتین و ئه‌ردۆغان له‌ په‌یسه‌ر‌

پەیسەر

له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دووقۆڵى نێوان فلادیمێر پۆتین سه‌رۆكى روسیا و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى توركیا، پۆتین نه‌خشه‌یه‌كى ئه‌ردۆغانى ره‌تكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ هه‌موو رۆژئاواى كوردستانى تێدابووه‌.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌ر كه‌وتوون، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى سوچى نێوان هه‌ردوو سه‌رۆكى توركیا و روسیا، ئه‌ردۆغان نه‌خشه‌یه‌كى داوه‌ته‌ ده‌ستى پۆتین، به‌پێى نه‌خشه‌كه‌ هه‌موو رۆژئاواى كوردستان ده‌كه‌وێته‌ ژێر كۆنتڕۆڵى توركیا، به‌ڵام پۆتین به‌و نه‌خشه‌ رازى نه‌بووه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كان، فلادیمیر پۆتین رایگه‌یاندووه‌، حكومه‌تى سوریا خاوه‌نى سەروەرى خۆیه‌تى و قبوڵى ناكات، كه‌ ئه‌و ناوچانه‌ بكه‌ونه‌ ژێر كۆنتڕۆڵى توركیا. سه‌رۆكى روسیا نه‌خشه‌كه‌ى په‌سه‌ندنه‌كردووه‌و له‌سه‌ر ده‌ورییه‌ى هاوبه‌شى سوپاى هه‌ردوولا رێككه‌وتوون له‌ ناوچه‌ سنورییه‌كان.

به‌پێى گرته‌یه‌كى ڤیدیۆیى كه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، كاتێك رۆژنامه‌وانان وێنه‌ى كۆبوونەوه‌كه‌ ده‌گرن، نه‌خشه‌كه‌ له‌به‌رده‌ستى ئه‌ردۆغانه‌، پۆتین به‌ په‌نجه‌ى ئاماژه‌ى بۆده‌كات، بۆئه‌وه‌ى له‌به‌رچاوى كامێراكان لاببرێت و راسته‌وخۆ نه‌خشه‌كه‌ له‌به‌رده‌ستى ئه‌ردۆغان لاده‌برێت.

به‌پێى نه‌خۆشه‌كه‌ى ئه‌ردۆغان توركیا داواى هه‌موو رۆژئاواى كوردستانى كردووه‌، كه‌ سنووره‌كانى عێراقیش ده‌گرێته‌وه‌. به‌ڵام پۆتین ئه‌مه‌ى په‌سه‌ند نه‌كردووه‌، به‌پێى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى كراوه‌، توركیا بنكه‌ى سه‌ربازى له‌وناوچانه‌ نابێت كه‌ كورد چۆڵى كردوون، به‌ڵكو ده‌ورییه‌ى هاوبه‌شى روسى و توركى به‌ناوچه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێن.