جیهان

10:09 - 10/12/2018

له‌ ساڵێكدا ملیۆنێك و 350 هه‌زار كه‌س به‌هۆى رووداوه‌كانه‌وه‌ مردوون‌

پەیسەر

به‌پێی راپۆرتێكی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، كیشوه‌ری ئه‌فریقا به‌ده‌ست زۆرى ژماره‌ى قوربانى رووداوه‌كانى هاتوچۆوه‌ ده‌ناڵێنێت، به‌وپێیه‌ى تا ئێستاش زۆرینه‌ی وڵاتانی ئه‌فریقا و ئه‌مریكای لاتینی، یاسای پێویست ناسه‌پێنن بۆ رێكخستنی خێرای رێگه‌ پێدراو له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان.

راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ تێكڕای مردن له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌راورد به‌ژماره‌ی دانیشتوان جێگیره‌، رووداوه‌كانی ئۆتۆمبێل هۆكاری سه‌ره‌كی مردنی گه‌نجان و منداڵانه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌نێوان پێنج بۆ 29 ساڵیدایه‌.

ته‌ندروستی جیهانی ئامارێكى مه‌ترسیدارى خستووه‌ته‌ڕوو و ده‌ڵێت، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی رووداوی ئۆتۆمبێله‌وه‌ گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن له‌ ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ زیاتره‌ كه‌ به‌هۆی نه‌خۆشی ئایدزه‌وه‌ ده‌مرن، یان ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی نه‌خۆشی سیل و نه‌خۆشیه‌كانی هه‌ناسه‌دان ده‌مرن.

لای خۆیه‌وه‌ تیدروس ئه‌دهانوم به‌رێوه‌به‌ری گشتی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی رایگه‌یاند، ئه‌و ژماره‌ زۆری مردن به‌هۆی هۆیه‌كانی گواستنه‌وه‌وه‌ كارێكی قبوڵكراو نیه‌ و هیچ بیانوویه‌ك نییه‌ بۆ پشتگوێخستنی، چونكه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ری تاقیكراوه‌ی هه‌یه‌.

رووداوه‌كان له‌میسر كه‌مبوونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام له‌ ئه‌فریقا به‌رزبووه‌ته‌وه‌

به‌پێى ئه‌و ئامارانه‌ى رێكخراوه‌كه‌ بڵاویكردوونه‌ته‌وه‌،  تێكرای مردن به‌هۆی رووداوه‌كانی ئۆتۆمبێل له‌ ئه‌فریقا ده‌گاته‌ 26.6 له‌هه‌ر 100 هه‌زار كه‌سێك ئه‌وه‌ش نزیكه‌ له‌ سێ ئه‌وه‌نده‌ی تێكرای ئه‌وروپایه‌.

نیوه‌ی ژماره‌ی وڵاتانی ئه‌فریقا كه‌ 54 ده‌وڵه‌تن، یاسایه‌كیان نیه‌ بۆ دیاریكردنی خێرایی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل، وڵاتانی بۆتسوانا، ساحل عاج و كامیرۆنیش زۆرترین ژماره‌ی مردوویان هه‌یه‌ به‌هۆى رووداوه‌كانى هاتوچۆوه‌، له‌نێو ئه‌و وڵاتانه‌ش كه‌ رووداوه‌كانی هاتوچۆ تێیاندا كه‌میكردووه‌ وڵاتانی میسر، ئه‌نگۆلا، كامیرۆن، بۆركینا، فاسۆ و بوروندی هه‌ن.

ئه‌فریقا به‌رزترین ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدانی پیاده‌ڕه‌وی تۆماركردووه‌

به‌پێی راپۆرته‌كه‌ كیشوه‌ری ئه‌فریقا به‌رزترین ئاماری گیان له‌ده‌ستدانی پیاده‌ڕه‌و و پاسكیل سواری تۆماركردووه‌، به‌پێی ئاماره‌كان نزیكه‌ی ملیۆنێك و 350 هه‌زار كه‌س له‌ ساڵی 2016 دا له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان به‌هۆی رووداوه‌كانی هاتوچۆوه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، ئه‌وه‌ش به‌راورد به‌ ساڵانی پێشوو زیادیكردووه‌.

كه‌ناڵی بی بی سی به‌ریتانیا له‌ راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، مه‌ترسی مردن له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان له‌ وڵاتانی هه‌ژاردا سێ ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و وڵاتانه‌یه‌ كه‌ داهاتیان به‌رزه‌، له‌دوای ئه‌فریقا وڵاتانی باشوری رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا به‌ دووه‌م ناوچه‌ی مه‌ترسیدار داده‌نرێن، له‌ڕووی رووداوه‌كانی هاتوچۆوه‌ و دوای ئه‌وانیش رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست.

سه‌رباری زیادبوونی ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی مردن به‌هۆی رووداوه‌كانی ئۆتۆمبێله‌وه‌ به‌ڵام رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی پێی وایه‌ له‌چه‌ند ساڵی رابردوودا رێژه‌كه‌ سه‌قامگیره‌، هۆكاری سه‌قامگیرییه‌كه‌شی گه‌راندووه‌ته‌وه‌ بۆ زیادكردنی هه‌وڵی ئه‌و وڵاتانه‌ی داهاتیان مام ناوه‌ند و به‌رزه‌، بۆ په‌ره‌پێدانی ژێرخانی سه‌لامه‌ت و راڕه‌و بۆ پاسكیل سوار و ده‌ركردنی یاسای باشتر سه‌باره‌ت به‌خێرایی لێخوڕین و پشتێنی سه‌لامه‌تی و پێوه‌ری هونه‌ری پێشكه‌وتوو بۆ سه‌رنشینه‌كان.

هه‌روه‌ها وڵاتانی ئه‌وروپا، هه‌ردوو ئه‌مریكای باكور، ئه‌مه‌ریكاى باشور و وڵاتانی رۆژئاوای زه‌ریای ئارام، رێژه‌ی مردنیان به‌هۆی رووداوه‌كانی هاتوچۆوه‌ كه‌مبووه‌ته‌وه‌.