11:44 - 21/06/2019
ترەمپ بڕیاری هێرشی سەر ئێرانیدا بەڵام پاشگەز بووەوە
شەوی پێنج شەممە، گفتوگۆو مشتومڕێكی زۆر لەناو كۆشكی سپی كراوە، ئەوەش بۆ هێرشی سەر ئێران لەلایەن ئەمریكاوە، كە ئەنجامەكەی بڕیاری دۆناڵد ترەمپ بووە بۆ هێرشو دواتر پاشگەزبوونەوە.
گفتوگۆكە دوای ئەوە بوو، لەو رۆژەدا سوپای پاسدارانی ئێران خستەخوارەوەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئەمریكای لەگەرووی هورمز خستە خوارەوە، بەو هۆیەشەوە ئەمریكا نیگەران بووەو ترەمپیش ڕەزامەندی لەسەر هێرشی سەربازی داوە بۆسەر ئێران داوە.
بەپێی چەند بەرپرسێكی ئەمریكی بۆ رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمزی ئەمریكی، لەدوای گفتوگۆ و مشتومڕێكی گەرم لە ناو كۆشكی سپی، كە لەنێوان بەرپرسانی باڵای ئاسایشی نەتەوەییو چەند سەركردەیەكی باڵای كۆنگرێس كراوە، لە سەعات حەوتی سەر لە ئێوارە، بڕیاری هێرش بۆ سەر ئێران لەلایەن ترەمپەوە دراوەو ئەو بەرپرسانەش چاوەڕێی هێرش بوون.
هەر بەپێی قسەی ئەو بەرپرسانە بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا بەشێوەیەك بووە، كە سوپای ئەمریكا هێرش بكاتە سەر چەند ئامانجی دیاریكراوی وەك سیستەمی ڕاداریو موشەكی ئێرانی، وەك كاردانەوەیەك بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئەمریكییەكە.
لەو بارەوە بەرپرسێكی ئەمریكی بەبێ ناوهێنانی رایگەیاندووە، ئامادەكاری بۆ هێرشەكە كراوە، بەڵام دواتر بڕیاری هەڵوەشانەوەی هێرشەكە دراوەو فڕۆكەو كەشتییە سەربازییەكان، كە دیاریكراون بۆ ئەنجامدانی هێرشەكە ئاگاداركراونەتەوە، هێرشەكە بوەستێنن.
تائێستا هۆكاری ئەوە نەزانراوە ترەمپ بۆ هێرشەكەی راگرتووە، كە ئەگەر ئەنجامبدرایە، دەبووە سێیەم هێرشی سەرۆكی ئەمریكا لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە لەساڵی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ بەفەرمانی ترەمپ چەند هێرشێك بۆ سەر چەند ئامانجێك لەسوریا ئەنجامدران.
هاوكات بەرپرسانی كۆشكی سپی و وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پنتاگۆن ڕەتیانكردووەتەوە، قسە لەسەر ئەو زانیارییانە بكەنو تەنانەت داوایان لەرۆژنامەكەش كردووە، بڵاوكردنەوەی هەواڵەكە رابگرن.