10:08 - 19/02/2019
چارەنوسی گەراوەكانی ناو داعش لەنێوان خواستی ئەمریكا و مەترسی ئەوروپا
سەرۆكی ئەمریكا داوا لە ژمارەیەك وڵاتی ئەوروپا دەكات دەستگیركراوەكانی داعش وەربگرنەوە، ئەو دەستگیركراوانەی ترەمپ باسی كردوون لەئێستادا لەزیندانەكانی كوردان لە رۆژئاوای كوردستان، ئەم پرسە گفتوگۆی لەناوخۆی ژمارەیەك وڵاتی ئەوروپی دروست كردووە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا رۆژی 17ی شوبات لە تویتێكدا رایگەیاند، پێویستە وڵاتانی بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و هاوپەیمانەكانی تر كرد كە زیاتر لە 800 چەكداری داعش وەربگرنەوە كە لەسەر خاكی سوریا دەستگیركراون.
ترەمپ راشیگەیاندووە داعش لەلێواری تێكشكاندایە و هەنگاوی جێگرەوەش باش نیە، ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا ناچاره ئەو دەستگیركراوانە ئازاد بكات، دەشڵێت ئەوان دوای دڵنیابوونەوە لەتێكشانی تەواوەتی داعش دەكشێننەوە، ئەم پرسە گفتوگۆی لەناوخۆی ژمارەیەك وڵاتی ئەوروپی دروستكردووە.
ژمارەی چەكدارانی داعش چەندە؟
بەپێی ئاماری سەنتەری لێكۆڵینەوەی توندرەوی سەر بەزانكۆی " كینگز كولیدج "كە ناوەندەكەی لەشاری لەندەنە، زیاتر لە 41 هەزار كەس لە 80 وڵاتەوە لەنێوان مانگی نیسانی ساڵی 2013 وە تا مانگی حوزەیرانی ساڵی 2018 پەیوەندیان بەریزەكانی رێكخراوی تیرۆرستی داعش لەسوریا و عێراقەوە كردووە، و لەو ژمارەیەش هەزار و 900 كەسیان لەفەرەنساوە رۆیشتوون و 960 كەس لە ئەڵمانیا و 850 كەسی تریان لە بەریتانیاوە رۆیشتوون.
وڵاتانی ئەوروپا چۆن مامەڵە لەگەڵ گەراوەكان دەكەن؟
بەریتانیا
زۆرینەی گەراوەكان بۆ بەریتانیا ڕووبەڕووی لێكۆڵینەوەی ئەمنی راستەوخۆ دەبنەوە، بۆ زانینی ئەوشتانەی ڕووبەڕوویان بۆتەوە و ئاستی ئەو مەترسیەی دروستی دەكەن، هەروەها هەڵسەنگاندنی دووبارە راهێنانەوەیان، ئەگەر هیچ تاوانێكی نەكردبێت ئەوە دەخرێنە بەرنامەی رووبەڕووبونەوەی توندرەوی كە چاودێریەكی چڕی لەسەرە و لەلایەن پسپۆرانی دەرونیەوە هاوكاری دەكرێن، وەزارەتی ناوخۆ ئاماژە بەوە دەكات كە نزیكەی 400 كەس گەراونەتەوە، و هەڵسەنگاندنی زۆرینەشیان لەبەرژوەندی گەراوەكان بووە.
بەڵام لەنوێترین هەڵوێستدا ساجد جاوید وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، ئەوانەی هاوكاری رێكخراوێكی تیرۆرستیان كردووە، رێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە بۆ بەریتانیا.
فەرەنسا
پێچەوانەی وڵاتانی تری ئەوروپا فەرەنسا رێگە بەگەرانەوەی هەڵگرانی رەگەزنامەی وڵاتەكەی دەدات، بەڵام دواتر لەسەر ئەو تاوانانەی ئەنجامیانداوە دادگای دەكرێن، حكومەتی فەرەنسا بەم دوایانە ئامادەیی دەربڕی بۆ وەرگرتنەوەی ژمارەیەكی زیاتری چەكدارانی داعش لە عێراق و سوریاوە.
ئەڵمانیا
ئەو كەسانەی لەناو داعش بوون و هەڵگری رەگەزنامەی ئەڵمانیان دوای گەرانەوەیان ڕووبەڕووی لێكۆڵینەوە لەسەر تاوانەكانیان دەبنەوە، داواكارانی گشتی داوای بەڵگەی زیاتر دەكەن پێش ئەوەی دەست بكەن بە لێكۆڵینەوە.
بەلجیكا
ئەو كەسانەی لەناو داعش بوون و هەڵگری رەگەزنامەی بەلجیكان دوای گەرانەوەیان ڕووبەڕووی دەستگیركردن و لێكۆڵینەوە دەبنەوە، ئەوانەشی كە گومان دەكرێت لە ئامادەكردنی چەكدار بۆ داعش و شۆردنەوەی مێشك تێوەگلابن، رەوانەی یەكەی تایبەت دەكرێن و لەزیندانیانی تر جیادەكرێنەوە.
دانیمارك
لە دانیمارك ئەو كەسانەی لەناو داعش دەگەڕێنەوە رێنیشاندەریان بۆ دابین دەكرێت و دەتوانن كاربكەن و بخوێنن و شوێنی نیشتەجێبوونیان پێ دەدرێت و راوێژكاری دەروونی و چاودێری تەندروستیان بۆ دابین دەكرێت
قورسایی ئەو زیندانیانە لەسەر كوردە
ئەو دەستگیركراوانەی داعش كە سەرۆكی ئەمریكا باسی كردوون لەناو زیندانەكانی هێزەكانی سوریای دیموكراتن كە زۆرینەیان كوردن، دوای كشانەوەی سوپای ئەمریكا و هەرەشەی ئەردۆغان بە ئەنجامدانی هێرش بۆ ناو رۆژئاوای كوردستان ترسی ئەوەی دروستكردووە كە لەكاتی ئەو هێرشەدا زیندانیەكان هەڵبێن، و ڕووبكەنە ئەوروپا، یان خۆیان رێكبخەنەوە و جارێكی تر ببنەوە مەترسی.
هیچ وڵاتێك حەزی لەچارەیان نیە.
زۆرینەی وڵاتانی جیهان خوازیاری ئەونین چەكدارانی داعش بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكانیان، چونكە بەشێكیان بەمەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی خۆیانیان دەزانن، لەگەڵ ئەوەشدا ناچارن لایەنی كەم ئەو منداڵانە وەربگرنەوە كە دوای ساڵی 2012 لە عێراق و سوریا لەدایك بوون و دایك و باوكیان هەڵگری رەگەزنامەی ئەو وڵاتانەبوون، ئەوی ڕوونە ئەوەیە كە وڵاتانی ئەوروپا نایانەوێت زیندانێكی هاوشێوەی گوانتانامۆ لەسەر خاكی وڵاتەكانیان دروست بكەن.
بەپێی ئاماری نەتەوەیەكگرتووەكان تائێستا داعش 14 بۆ 18 هەزار چەكداری لەعێراق و سوریا ماوە و لەو ژمارەیەش 3 هەزاریان بیانین، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە تویتەكەیدا هۆشداری لەوەشدا كە ئەو چەكدارانەی لەسوریان رەنگە دوای ئازادكردنیان رەنگە هەوڵی گەیشتنە ناو خاكی ئەوروپا بدەن.
رێكخراوی تیرۆرستی داعش لەساڵی 2013 و لەسەر پاشماوەی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق دروست بوو، بەپێی مەزندەی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا ژمارەی چەكدارەكانی ئەو رێكخراوە لەنێوان 20 بۆ 31 هەزار چەكداردابووە، داعش ژمارەیەك كردەوەی تیرۆرستی و لەعێراق و سوریا ئەنجامدا و بووە هۆی وێران بوونی بەشێكی زۆری ناوچەكانی عێراق و سوریا، بەڵام لە سوریا لەسەردەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەهاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و لەعێراقیش لەسەر دەستی پێشمەرگە و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی تێكشكێندران و لەئێستاشدا زۆرینەی ئەو ناوچانەیان لەدەستداوە كە پێشتر كۆنترۆڵیان كردبوو.