سروودی (( مه‌ڕۆ مه‌ڕۆ بابـه مه‌ڕۆ ))
هونه‌رمه‌ند (حـــهمــــه جـــهزا) یه‌کێکه له‌و هونه‌رمه‌نده شۆڕشگێڕانه‌ی که له سه‌ره‌تای ژیانی هونه‌ریه‌وه خاوه‌ن هه‌ڵوێستی به‌رز و کوردانه و هه‌میشه له سه‌نگه‌ری گه‌ل دا بووه .
هه‌ر بۆیه‌ش که زانی چیتر دوژمن مه‌ودای نادا به‌بێ پیاهه‌ڵدان به قادسیه‌ی شوم ، به‌کامی دڵ درێژه به‌خزمه‌تی هونه‌ری بدا ، له ساڵی ١٩٨٠ ئه‌شکه‌وته‌کانی کوردستانی کرده ستۆدیۆ و نه‌فره‌تی له شایه‌ر و لێبوکهکانی سه‌ر شانۆی دوژمن کرد ، ئه‌وه‌ی نیازی ئێمه‌یه له‌م نووسینه ته‌نیا ڕامانێکه له سرودێکی تیپی شه‌هید کارزان که شیعر و ئاوازی هونه‌رمه‌ند حه‌مه جه‌زایه ، هه‌وێنی له‌دایک بوونی ئه‌م سروده وه‌ک حه‌مه‌جه‌زا ده‌ڵێ :
'' سێ چوار منداڵم له سلێمانی بوون ، دوو سێ ساڵ بوو نهمدیبون . . . هاوینان ده‌یانویست بێن ، من لێنه‌ده‌گه‌ڕام ، چونکه تۆپباران ده‌ستی پێ ده‌کرد ، ده‌شترسام منداڵێکم شتێکی لێ بێ هه‌تا هه‌تایه موعه‌زه‌ب بم ،بۆیه زۆری پێنه‌چوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زه‌ختێکی زۆریان له‌سه‌ر بوو له لایه‌ن ئه‌من و ئیستخباراته‌وه هه‌ر ڕۆژه‌ی له ماڵێکی خزم و ناسیاوێکم بوون ، ته‌واو بێزارتر بوون تا ڕۆژێک کاغه‌زێکیان بۆ ناردم ، داوا ده‌که‌ن ، یان ته‌سلیم ببمه‌وه ، یا ئه‌وانیش دێن بۆ پێشمه‌رگایه‌تی ئیتـــر پێی موته‌ئه‌سیر بووم ، هه‌ر له‌سه‌ر کاغه‌زه‌که ئه‌م شیعره‌م لا گه‌ڵاڵه بوو '' به‌ڵێ ئه‌و سرووده له ڕۆژگارێکی ئاوا ڕه‌ش و دژوار ، ئه‌و ساتانه‌ی که ئه‌ژدیهای ئه‌نفال به‌بێ ته‌لقین و گۆڕه‌شار ، که‌س و کار و ژن و منداڵی هه‌ڵده‌لووشین چاوی هه‌ڵهێناوه ، ئه‌و گفتوگۆیه ویژدان بزوێنه‌ی که له‌نێوان حه‌مه‌جه‌زای پێشمه‌رگه و باوک له‌گه‌ڵ منداڵه جێماوه‌کانی ناو شاری دروست بووه ، چ وره‌یه‌ک به پێشمه‌رگه و پارتیزانی ئه‌نفال به‌زێن ده‌دا ، بڕوانه منداڵه‌کان به چ زمانێک داوا له باوکیان ده‌که‌ن که چیتر له سۆزی باوکایه‌تی بێبه‌شیان نه‌کا و چیتر ژیان به‌م ئازاره نه‌به‌نه‌سه‌ر :
مه‌ڕۆ مه‌ڕۆ بابه مه‌ڕۆ بۆ جێ‌مان دێڵی
تاکه‌ی ژیان به‌رینه سه‌ر هه‌روا به وێڵی
تاکه‌ی خه‌می ئه‌م میلله‌ته بکه‌ینه باوه‌ش
تاکه‌ی له سۆزی باوکایه‌تی ئه‌مانکه‌ی بێبه‌ش
باوک چه‌ند ڕق ئه‌ستووره به‌رامبه‌ر دوژمن و چۆن هه‌موو شتێ ده‌کاته قوربانی و ڕێگای خه‌بات به‌رنادات ، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی نه‌خشه‌ی شێواو و گۆڕاوی نیشتیمان وه‌ک خۆی لێنێتهوه که ده‌ڵێ :
ئه‌ڕۆم ئه‌ڕۆم زویر مه‌بن وردیله‌کانم
تا سه‌ربه‌ستی وه‌ده‌ست دێنم بۆ کوردستانم
تاکو نه‌خشه‌ی ئه‌م ووڵاته نه‌گۆڕینه‌وه
دڵنیابن ڕۆڵه‌کانم ناگه‌ڕێینه‌وه
منداڵه‌کان که داواکه‌یان دووباره ده‌که‌نه‌وه ، باوکیان به هه‌مان جۆش و سۆزی وه‌ڵامی یه‌که‌م ئامۆژگاری منداڵه‌کانی ده‌کا که ڕێگای باوکیان بگرن و له ڕێی تێکۆشان لانه‌ده‌ن و دواڕۆژی ڕوون و ئازادی بۆ ئه‌وانه :
ئه‌ڕۆم ئه‌ڕۆم بێ ناز مه‌بن وردیله‌کانم
له کاروانا به‌جێماوم له هاوڕێکانم
ئێوه‌ش باش بن بۆ نه‌ته‌وه و خاک و ووڵاتتان
له‌دواڕۆژا به‌سه‌ربه‌رزی دێمه‌وه ناوتان
منداڵه‌کان ئه‌م جاره به گوێی باوکیان ده‌که‌ن و ده‌بنه پشت و په‌نا بۆ ڕۆژانی به‌ره‌نگاری و نه‌فره‌ت له ژیانی شار و ژێرده‌ستی داگیرکه‌ران ده‌که‌ن و به‌م شێوه‌یه وه‌ڵامی باوکیان ده‌ده‌نه‌وه :
مه‌ڕۆ مه‌ڕۆ بابه مه‌ڕۆ ئێمه‌ش ڕێ ده‌گرین
مه‌تاری ئاو ، چارۆگه‌ی نانتان بۆ هه‌ڵده‌گرین
ژیانی شار ، مانه‌وه‌مان ئه‌و ماڵ و ئه‌و ماڵه
ڕاکردنه ، ئه‌شکه‌نجه‌یه ، ژه‌هرێکی تاڵه
باوکیشیان که به‌و وه‌ڵامه دڵخۆش ده‌بێ ، به‌چه‌ند کۆپله‌یه‌ک له شیعری (ناڵه‌ی جودایی) مامۆستا هێمن به مه‌قام و خه‌م و که‌سه‌ره‌کانی خۆی به‌یان ده‌کا که ناڵه‌ی ئه‌و له پێناو میلله‌تێکه و هاواری ئه‌و هاواری گه‌لێکه که دوژمنان حاشا له بوونی ده‌که‌ن :
نابێ قه‌د نابێ ناڵه‌ی جودایی بی ئه‌سه‌ر
جا چ نه‌کا بیکا چ پیاوی ده‌ربه‌ده‌ر
تا ده‌گاته . . .
پارچه گۆشتێکه دڵی من ڕوون نییه
ناڵه ناڵی من دره‌نگه زوونییه
پاش ئه‌وه‌ی مناڵه‌کان ژیان له‌گه‌ڵ باوکیان به هه‌موو ئازاره‌کانیانه‌وه هه‌ڵده‌بژێرن و ڕێی شاخ ده‌گرنه به‌ر ، هه‌موویان پێکه‌وه باوک و منداڵه‌کان وه‌ڵامێکی شۆڕشگێڕانه‌ی دوژمن ده‌ده‌نه‌وه و تیشوی ڕێگای پڕ له هه‌وراز و سه‌ختیان ته‌نیا خه‌بات و کۆششی بێوچانه ، بێباک له‌وه‌ی یا تاجی نه‌مری له‌سه‌ر ده‌نێن ، یا کورد به سه‌رفرازی ده‌بینن :
ئه‌ڕۆین ئه‌ڕۆین گشت پێکه‌وه بۆ ئه‌م شۆڕشه
بۆ خه‌باتی سه‌خت و دژوار ، تێشوو کۆششه
یان هه‌موومان له‌م ڕێگایه خوێنمان ده‌ڕژێنین
یاخود چرای ئازادی کورد داده‌گیرسێنین