07:58 - 02/02/2020
عه‌لاوى بۆ كورد چى پێیه؟
كورد سه‌رۆك وه‌زیرانێكى دیكه له عێراق تاقیده‌كاته‌وه، محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونیدا ده‌كه‌وێت به‌سه‌ر لیستێك داواكارى فراكسیۆنه كوردییه‌كاندا. به گوته‌ى ئه‌وانه‌ى پێش وه‌خت ئاگادارى بۆچوونى عه‌لاوین، سه‌باره‌ت به كورد و داواكارییه‌كانى بیركردنه‌وه‌ى ئه‌رێنییه، كۆمه‌ڵێك به‌ڵێنیشى داوه كه ئه‌گه‌ر بچێته سه‌ر كورسیه‌كه رووى خێر به رووى هه‌رێمى كوردستاندا بكاته‌وه، به‌ڵام به‌ڵێنه‌كان قسه‌ى پێش چوونه ده‌سه‌ڵاتن، كورد به نیازن ببنه ده‌نگده‌ر و پشتیوانى عه‌لاوى، ئه‌و كاندیده‌ى پشتیوانى تاران و واشنتن-ى له یه‌ك كاتدا مسۆگه‌ر كردووه‌و هێشتا شەقامی نەبردووەتەوە.
عه‌لاوى سه‌باره‌ت به هه‌موو كێشه‌كان به‌ڵێنى به کورد داوە
محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى دواى مقۆمقۆیه‌كى دوو مانگه‌ى نێوان حزبه‌كان و خۆپیشانده‌ران، له كۆشكى سه‌لامه‌وه بۆ دروستكردنى كابینه‌ى حكومه‌ت راسپێردرا. هه‌ر له ساتى یه‌كه‌مى له‌رێگه‌ى په‌یامێكى ڤیدیۆییه‌وە به‌ڵێنى گه‌وره‌یدا (سزادانى بكوژانى خۆپیشانده‌ران و دادگاییكردنى گه‌نده‌ڵان، دروستكردنى حكومه‌تى سه‌ربه‌خۆ و ته‌كنۆكرات). كورد له‌نێو گۆڕه‌پانى لێڵ و شێواوى به‌غدا، به دوودڵییه‌وه چاوه‌ڕێى روونبوونه‌وه‌ى دیمه‌نه‌كه‌یه، تا بزانێت ده‌سه‌ڵاتى نوێ چى بۆ هه‌رێمى كوردستان پێیه.
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، ئه‌و كاته‌ى ناوی عه‌لاوى كه‌وته نێو ناوانه‌وه به مانگێك پێشتر وه‌ك ناوێكى قسه له‌سه‌ر كرا‌و بۆ كاندیدى سه‌رۆك وه‌زیران، په‌رله‌مانتاره كورده‌كان لە(گروپى ١٥) سه‌ردانى عه‌لاوییان كردووه‌و گفتوگۆیه‌كى دوور‌و درێژیان له‌گه‌ڵ كردووه، عه‌لاوى سه‌باره‌ت به هه‌موو كێشه‌كان به‌ڵێنى به‌و په‌رله‌مانتارانه داوه و گوتوویه‌تى، پرسى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان ئه‌ركێكى ئاینى و ئه‌خلاقییه له‌سه‌ر ئەو.
عه‌لاوى موجامه‌له‌ى زۆرى په‌رله‌مانتاره‌كانى كردووه، به په‌رله‌مانتاره‌كانى گوتووه، حه‌زده‌كه‌ن ژوورێكیان له ته‌نیشت ژووره‌كه‌ى خۆى بۆ دابین ده‌كات تا هه‌ر داواكارى و كێشه‌یه‌كیان هه‌بێت راسته‌وخۆ پێى بگه‌یه‌نن. له به‌رامبه‌ردا په‌رله‌مانتاره كورده‌كان پێیان گوتووه، ئه‌وان وه‌ك ٥٨ په‌رله‌مانتارى كورد پشتیوانى ده‌كه‌ن و ده‌نگ به كابینه‌كه‌ى ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كانى كورد جێبه‌جێى بكات.
گوتوویه‌تى ئه‌و خۆى كێشه‌ى كه‌م نابێت تا كێشه له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان درووست بكات
سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌رى كێشه‌ى نه‌وت عه‌لاوى نه‌چووه‌ته ورده‌كارى و گووتویه‌تى، ئه‌و بابه‌ته بووه‌ته ئه‌مرى واقع و ده‌بێت به شێوه‌یه‌كى عه‌قڵانى چاره‌سه‌رى بۆ بدۆزرێته‌وه، گوتووشیه‌تى ئه‌و خۆى كێشه‌ى كه‌م نابێت تا كێشه له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان درووست بكات، ئه‌وه‌نده كێشه له به‌غدا هه‌یه كه ته‌نها خه‌ریكى چاره‌سه‌رى ئه‌وانه بێت.
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، سه‌باره‌ت به واژۆكردنى رێككه‌وتنى واژۆنه‌كراوى هه‌ولێر و به‌غدا، عه‌لاوى گوتوویه‌تى دیراسه‌ى ده‌كات و ئه‌گه‌ر هیچ كێشه‌یه‌كى تێدا نه‌بێت، ئه‌وا واژۆى ده‌كات و پابه‌ند ده‌بێت پێوه‌ى. كورد دوو داواكارى سه‌ره‌كى له عه‌لاوى هه‌یه، یه‌كه‌میان واژۆكردنى رێككه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غدا و دووه‌میان هاوبه‌شیكردنه له حكومه‌ت، عه‌لاوى به‌رنامه‌ى خۆى راگه‌یاندووه، كه نایه‌وێـت هیچ پێكهاته‌یه‌ك پشتگوێ بخات. به‌وه‌ش داواكارییه‌كى كورد مسۆگه‌ره، سه‌باره‌ت به رێككه‌وتنه‌كه‌ش جارێ دیار نییه وه‌ك خۆى واژۆى ده‌كات، یاخود ئه‌م دیو و ئه‌و دیوێكى ده‌كات، به‌ڵام به‌گوته‌ى ئه‌وانه‌ى ئاگادارى بۆچوونى پێشوه‌ختى عه‌لاوین پێیان وایه، رێككه‌وتنه‌كه واژۆ ده‌كات.
جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له لیژنه‌ى دارایى بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتى، ئه‌و پێى وایه عه‌لاوى رێككه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غدا واژۆ ده‌كات، چونكه ئه‌گه‌ر كابینه‌كه پێك بهێنێت ده‌بێت بوودجه ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان بكات، خۆیشى پێویستى به بوودجه یه. ئه‌و زۆرتر كارى ئه‌وه ده‌بێت شه‌قام هێور بكاته‌وه، هێزى میلیشیكان سنووردار بكات.
له‌سه‌رده‌مى وه‌زیرى ئه‌ودا رێوشوێنى توندى گرتبووه به‌ر بۆ رێگرى له گه‌نده‌ڵى و به‌رتیل و هیچ گه‌نده‌ڵییه‌كى له‌سه‌ر ساغ نه‌بووه‌ته‌وه
به‌بڕواى جه‌مال كۆچه‌ر سه‌ركه‌وتنى عه‌لاوى به‌نده له‌سه‌ر چوار پایه‌ى كاریگه‌ر و به‌گوته‌ى خۆى ئه‌وانه‌ى به راشكاوى به كاندیدى راسپێردراو گوتووه، كه ده‌بێت خۆپیشانده‌ران بمێنن، چونكه تا خۆپیشانده‌ران بمێنن چى بوێت ده‌توانێت له په‌رله‌مان تێى بپه‌ڕێنێت، دووه‌میش، ده‌بێت كوتله‌یه‌كى به‌هێزى په‌رله‌مانى بۆ خۆى دروست بكات، كورد و سه‌ربه‌خۆكان ده‌توانن ببنه پشتیوانێكى كاریگه‌ر بۆى. خاڵى سێیه‌م به بڕواى كۆچه‌ر نابێت سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ مه‌رجه‌عییه‌ت بكات و پێچه‌وانه‌ى خواستى بجوڵێته‌وه‌و له‌گه‌ڵ مه‌رجه‌عییه‌تى سوونه‌ش هه‌ماهه‌نگى هه‌بێت، وه‌ك وه‌قفى سووننى، چواره‌م كار كه ده‌بێت بیكات، سوپا به‌هێز بكات و میلیشیاكان سنووردار بكات.
عه‌لاوى مه‌زهه‌به‌گه‌را نییه و له وڵاتى به‌ریتانیا خوێندنى ته‌واوكردووه‌و هه‌ندێك ده‌ڵێن، عه‌قڵێكى رۆژئاوایى له سه‌ردایه، پێشتر موریدى محه‌مه‌د باقر سه‌در بووه‌و دواتر چووه‌ته نێو حزبى ده‌عوه، وازى له ده‌عوه‌ش هێناوه‌و دواتر نزیك بووه‌ته‌وه له ره‌وته‌كه‌ى ئه‌یاد عه‌لاوى. دوو جار بووه به وه‌زیری په‌یوه‌ندییه‌كان و ده‌گوترێت، له‌سه‌رده‌مى وه‌زیرى ئه‌ودا رێوشوێنى توندى گرتبووه به‌ر بۆ رێگرى له گه‌نده‌ڵى و به‌رتیل و هیچ گه‌نده‌ڵییه‌كى له‌سه‌ر ساغ نه‌بووه‌ته‌وه. بۆ هه‌ر كارێكى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى ئه‌نجامده‌رانى ناچار كردووه كه به‌ڵێننامه بده‌ن، له‌هه‌ر قۆناغێكى گرێبه‌سته‌كه‌یدا كارێكى نا یاسایى وه‌ك ره‌شوه‌و به‌رتیل دان ئه‌نجامبدات، به‌بڕى سه‌دا ٣٠ سزا ده‌دراو ده‌خرایه لیستى ره‌شى وه‌زاره‌ته‌كه‌وه.
ئێران و ئەمریکاش پشتیوانی دەکەن
پێده‌چێت عه‌لاوى تێگه‌یشتنى هاوبه‌شى رووپۆشكراوى، ئه‌مریكا و ئێرانى به‌ده‌ستهێنابێت بۆیه‌ش هه‌م تاران و هه‌م واشنتن پێشوازییان له راسپاردنى كرد. باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به راسپاردنى عه‌لاوى رایگه‌یاند، ئه‌وان كار له‌گه‌ڵ حكومه‌تى نوێى عێراق ده‌كه‌ن، هیوادارن به زووترین كات كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت پێكبێت. هاوكات لاى خۆیه‌وه عه‌باس موسه‌وى گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ى لە پێناو درێژەدان بە پشتیوانییەکانی لە سەربەخۆیی، یەکپارچەیی و بنەماکانی دیموکراسی لە عێراق، پێشوازی لە هەڵبژاردنی عەلاوی دەکات.
هێشتا به‌شێكى زۆرى خۆپیشانده‌ران دژایه‌تى راسپاردنى عه‌لاوى ده‌كه‌ن، نورى مالیكى و حه‌یده‌ر عه‌بادیش دژى چوونه ده‌سه‌ڵاتى ئەون، دیارنییه عەلاوی له‌نێوان كێشه ئاڵۆزه‌كاندا چۆن ته‌ونى كابینه‌كه‌ى ده‌ته‌نێت له‌ماوه‌ى ٣٠ رۆژدا، كورد به بێده‌نگى چاوى له هاتنى عه‌لاوییه و شه‌قامیش به توڕییه‌وە چاوه‌ڕێى گۆڕانگارى گه‌وره‌ن، دیار نییه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتى عه‌لاوى كه‌وته سه‌رپێ چه‌ند به‌رگه ده‌گرێت، به‌ڵام ماوه‌كه‌ى هه‌رچه‌ند بێت بۆ كورد گرنگه چونكه ساڵانێكى زۆره داواكارییه‌كى له نوسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كان تۆزى لێنیشتووه.