ڕاپۆرتی کوردستانی

05:19 - 21/10/2019

پێچه‌وانه‌ى نه‌ریتى سیاسى بارزانییه‌كان، نێچیرڤان بارزانى ده‌چێته‌ به‌غدا؟‌

پەیسەر

نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و جێگرى سه‌رۆكى پارتى، خواستى چوونه‌ به‌غداى زیاتر بووه‌و چاوى له‌وه‌یه‌ گێژه‌ڵووكه‌ى ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ى به‌ڕێوه‌ن، كورسى سه‌رۆك كۆمار بهێننه‌ به‌ر ده‌رگاكه‌ى، ئه‌و له‌پشتى په‌ره‌ده‌وه‌ به‌هاوكارى ئێرانییه‌كان مانۆڕێكى نه‌رمى دیبلۆماسى بۆ مسۆگه‌ركردنى كورسى سه‌رۆك كۆمار ده‌ستپێكردووه‌، له‌پشتى ئه‌و خواسته‌ى ئێستاى بارزانییه‌وه‌ هۆكارى زۆرهه‌ن، به‌ڵام ئه‌م مه‌یله‌ى پێچه‌وانه‌ى رێڕه‌وى مێژووى نەریتی سیاسیى بارزانییه‌كانه‌، كه‌ هه‌میشه‌ خۆگرییان كردووه‌ له‌چوونه‌ سه‌ر كورسى به‌غدا.

زانیارییه‌كان چین؟

په‌یسه‌ر زانیارى ئه‌وه‌ى ده‌ستكه‌وتووه‌، هه‌وڵى چڕوپڕ له‌ئاستى باڵادا هه‌یه‌ بۆ گۆڕین و لادانى به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق، زافر لویس سەرکردە لە بزوتنەوەی بابلیۆن دوێنێ به‌ سۆمه‌رییه‌ى راگه‌یاندبوو، لەچەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ هێزە سیاسییەکاندا پێشنیاز دەکرێت، کە پۆستی بەرهەم ساڵح بگۆڕدرێت. هۆکاری ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ "زانیارییەکی مەترسیدار"کە بەم نزیکانە ئاشکرادەکرێت. په‌یسه‌ر به‌دواداچوونى بۆ ئه‌و بابه‌ته‌كردوو سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار هه‌وڵه‌كانى پشتڕاستكرده‌وه‌، گوتى، راسته‌ ئه‌و زانیارییه‌ مه‌ترسیداره‌ى باس ده‌كرێت هه‌یه‌، به‌ڵام نازانێت ئاشكرا ده‌بێت یاخود نا، ئاماده‌نه‌بوو زانیارى له‌سه‌ر ئاشكرا بكات. گوتیشى، ئێرانییه‌كان له‌به‌رهه‌م ساڵح نیگه‌رانن و یه‌كێك له‌و جێگره‌وانه‌ى باس ده‌كرێت، نێچیرڤان بارزانییه‌، ئێرانییه‌كان ئه‌م جێگره‌وه‌یان لا په‌سه‌ند و باشه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، پێشتر ئێرانییه‌كان داوایان له‌ نێچیرڤان بارزانى كردبوو خۆی كاندیدى سه‌رۆك كۆمار بێت، به‌ڵام له‌و قۆناغه‌دا پارتى فواد حسێنى پێشكه‌شكرد، له‌ئێستادا نێچیرڤان بارزانى به‌هاوكارى ئێرانییه‌كان ده‌یه‌وێت كورسى سه‌رۆك كۆمار وه‌ربگرێت، سه‌رچاوه‌كه‌ى په‌یسه‌ر ده‌ڵێت، ئێران ئه‌مه‌ى پێخۆشه‌و كارى بۆ ده‌كات.

خه‌ونێك پێچه‌وانه‌ى مێژوو

بارزانییه‌كان له‌مێژووى خۆیاندا له‌به‌غدا پۆستیان وه‌رنه‌گرتووه‌، له‌چه‌ند قۆناغى شۆڕشدا، هه‌ركاتێك لایه‌نى كوردى و عێراقى چوونه‌ته‌ سه‌رمێزى دانوستان، له‌به‌غداوه‌ ئه‌م پێشنیاره‌ بۆ بارزانییه‌كان كراوه‌، مسته‌فا بارزانى ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ى لا په‌سه‌ند نه‌بووه‌و بۆخۆى و بۆهیچ كام له‌ بارزانییه‌كانیش رێگه‌ى نه‌داوه‌، له‌دواى رێككه‌وتنى ١١ی ئازار پێشنیارى جێگرى سه‌رۆك كۆمارى بۆ كراو ره‌تیكرده‌وه‌. له‌ قۆناغه‌كانى پێشتریش ئه‌و ئه‌م بیرۆكه‌ى ره‌تكردووه‌ته‌وه‌. مه‌سعود بارزانیش درێژه‌ى به‌م نه‌ریته‌ى بارزانییه‌كان داو رێگه‌ى نه‌دا بارزانییه‌كان له‌به‌غدا پۆست وه‌ربگرن، خواستى پۆستى سه‌رۆك كۆمارى نه‌بوو، پۆڵ بریمه‌ر حاكمى مه‌ده‌نى عێراق له‌ كتێبه‌كه‌یدا(ساڵه‌كه‌م له‌عێراق) ده‌ڵێت، بارزانى به‌ راشكاوى پێى گوتووه‌ هه‌رگیز پێى خۆش نییه‌ نه‌خۆى نه‌ كوڕو كه‌سوكاره‌كه‌ى له‌به‌غدا پۆست وه‌ربگرن.

بارزانییەکان پۆستی بەغدایان وەرنەگرتووە

له‌دواى تێكچوونى نێوانى كورد و به‌غدا له‌ساڵى ١٩٧٣ عوبه‌یدوڵاى كوڕى موسته‌فا بارزانی، به‌هۆى جیاوازى بیروبۆچوونیه‌وه‌ به‌غداى هه‌ڵبژاردوو بووه‌ وه‌زیرى  ده‌وڵه‌ت، ئه‌وكات مسته‌فا بارزانى ئه‌مه‌ى زۆر لاگران بووه‌، به‌و هه‌نگاوه‌ى كوڕه‌كه‌ى خه‌فه‌تباربووه‌، كه‌دواجار به‌ له‌سێداره‌دانى  عوبه‌یدوڵا كۆتایى هات له‌لایه‌ن سه‌دامه‌وه‌، ئه‌و تاقانه‌ بارزانى بوو له‌مێژوودا له‌ به‌غدا پۆستى وه‌رگرتبێت.

ئه‌وه‌ى پاڵ به‌ نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌ ده‌نێت

نێچیرڤان بارزانی پێشتر هه‌رگیز كورسییه‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستانى به‌به‌غدا نه‌گۆڕیوه‌ته‌وه‌و مه‌یلى له‌وجۆره‌ى نه‌بووه‌، له‌پشت ئه‌م خواسته‌ى ئێستایه‌وه‌، كۆمه‌ڵێك هۆكار هه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ ئه‌م خواسته‌ى فشارێك بێت بۆ راستكردنه‌وه‌ى ئه‌و باره‌ى له‌دواى پێكهێنانى كابینه‌ى حكومه‌ته‌وه‌ لاربووه‌و به‌ته‌واوى به‌لاى مه‌سرور بارزانى و حكومه‌تدا پار سه‌نگ بووه‌.

*نێچیرڤان بارزانى له‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، هه‌مان ئه‌و رۆڵه‌ نابینێت كه‌ مه‌سعود بارزانى هه‌یبوو، ئاماده‌یى مه‌سعود بارزانى و پێگه‌ سیاسییه‌كه‌ى، وایكردووه‌ پۆستى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ببێته‌ سێبه‌رى باره‌گاى بارزانى، سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كى خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و به‌هێز ده‌رناكه‌وێت، نێچیرڤان بارزانى پێشبینى نه‌ده‌كرد، به‌و شێوه‌ كوتوپڕه‌ په‌لوپۆى ده‌سه‌ڵاته‌كانى بكرێت و دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمیش ئه‌و رۆڵه‌ كه‌مه‌ى بۆ بمێنێته‌وه‌، بۆیه‌ ئێستا ره‌نگه‌ ئاماده‌ى گۆڕینه‌ى كورسى به‌غدا و هه‌رێم بێت.

سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كى خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و به‌هێز ده‌رناكه‌وێت

*هاوكێشه‌ نوێیه‌كانى ناوچه‌كه‌، ره‌نگه‌ نێچیرڤان بارزانى گه‌یاندبێته‌ ئه‌و بڕوایه‌ى، كه‌ هه‌رێمى كوردستان پێگه‌یه‌كى ئه‌وه‌نده‌ به‌هێزى نه‌ماوه‌ كه‌ له‌كورسى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ رۆڵى گه‌وره‌و ببینێت، چاوه‌كان له‌سوریا به‌جارێك چوونه‌وه‌ ناوه‌ند، ره‌نگه‌ ئه‌م بۆچوونه‌ ئه‌گه‌ر بۆ سوریا راست بێت، بۆ عێراق چه‌ند جارێك زیاتر گریمانه‌ى ئه‌وه‌ هه‌بێت، كه‌ رۆڵى زیاتر به‌ حكومه‌تى ناوه‌ند بدرێت، نه‌ك هه‌رێم، له‌دۆخێكى وه‌هادا بۆ سیاسییه‌كان خڕبوونه‌وه‌ به‌ ده‌ورى ئاگردانى به‌غدا، له‌ كورسى په‌لوپۆكانى وڵات باشتره‌. نێچیرڤان بارزانى ره‌نگه‌ پێى وابێت، له‌به‌غداوه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ بتوانێت پێگه‌ى گه‌وره‌ترى هه‌بێت وه‌ك له‌ هه‌ولێر، له‌ رێگه‌ى ئه‌و پۆسته‌شه‌وه‌ ئه‌و نەزیفە سیاسییه‌ بگیرسێنێته‌وه‌ كه‌له‌دواى نه‌مانى له‌سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت به‌سه‌رى هاتووه‌. 

*نزیكبوونه‌وه‌ى له‌ئێرانه‌وه‌ له‌دواى ریفراندۆمى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، ره‌نگه‌ هۆكارێكى دیكه‌ بێت، كه‌ نێچیرڤان بارزانى به‌ره‌و پۆستى سه‌رۆك كۆمار پاڵبنێت، له‌دواى ریفراندۆمه‌وه‌، كاتێك نێچیرڤان بارزانى هه‌وڵى تاقه‌تپڕوكێنى ده‌دا بۆ كردنه‌وه‌ى ئه‌و ده‌رگایانه‌ى به‌ڕووى هه‌رێمدا داخرابوون، دۆستایه‌تییه‌كى زیاترى له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كان دروستكرد، ئه‌و كه‌ یه‌كێك نه‌بوو له‌و كه‌سانه‌ى كه‌مپینه‌كانى ریفراندۆمى به‌ڕێوه‌برد، زووتر توانى سه‌رنجى ئێرانییه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت، تائه‌وه‌ى ئێستا لایه‌نگرو پشتیوانى ده‌كه‌ن، ئێرانییه‌كان بوونى نێچیرڤان بارزانییان له‌به‌غدا پێ باشه‌و پێشوازى له‌هه‌نگاوێكى له‌وجۆره‌ ده‌كه‌ن.

مامه‌ڵه‌ى نه‌وتى تاسه‌ر شه‌فاعه‌ت بۆ نێچیرڤان بارزانى ناكات

*له‌دواى هێرشه‌كانى رۆژئاواى كوردستانه‌وه‌، بۆچوونى سیاسى زاڵ له‌هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ توركیا بۆ هه‌رێمى كوردستانیش ده‌كشێت و به‌ رۆژئاوا داناكه‌وێت، یاخود پیلانگێڕى دیكه‌ دژ به‌ كورد ئاماده‌یه‌، نێچیرڤان بارزانى تائێستا بێهیوا نه‌بووه‌ له‌ توركیاو پێى وایه‌ ده‌بێت هه‌رێمى كوردستان توند ده‌ست به‌ هاوپه‌یمانى توركیاوه‌ بگرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌زانێت كه‌ ده‌رگاى ئه‌نقه‌ره‌ هه‌میشه‌ كراوه‌ نابێت و داواجار ئه‌نقه‌ره‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پرسى كورد ده‌كات به‌وجۆره‌ى كه‌ سیاسه‌تى ١٠٠ساڵه‌ى له‌سه‌ر بیناكردووه‌، بۆرى نه‌وت سه‌رێكى به‌ده‌ست حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌یه‌و ئه‌وه‌ى دیكه‌ش له‌ به‌نده‌رى جه‌یهان به‌ده‌ستى توركیاوه‌یه‌، بۆرییه‌كه‌ خۆشى هى روسیایه‌. مامه‌ڵه‌ى نه‌وتى تاسه‌ر شه‌فاعه‌ت بۆ نێچیرڤان بارزانى ناكات له‌ ئه‌نقه‌ره‌و ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ ورده‌ ورده‌ له‌ده‌ستى سه‌رۆكى حكومه‌تى پێشوو و تیمه‌كه‌ى ده‌هێندرێته‌ ده‌ره‌وه‌. كاتێك نێچیرڤان بارزانى به‌هێزبوو ئه‌نقه‌ره‌ به‌هه‌موو توانایه‌وه‌ پشتیوانى كرد، له‌م قۆناغه‌ نوێیه‌دا دیارنییه‌ توركیا تاكوێ شه‌ڕى بۆ ده‌كات و پشتیوانى ده‌كات.

قوباد تاڵه‌بانى خواستى زۆرى هه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم

له‌ئه‌گه‌رى چوونى نێچیرڤان بارزانى بۆ به‌غدا هاوكێشه‌ى سیاسى له‌ هه‌رێمى كوردستان گۆڕانكارى به‌سه‌ردێت و پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌رله‌نوێ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر مێزى دانوستان و به‌شكردن، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر قوباد تاڵه‌بانى یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ خواستى زۆرى هه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم، پارتیش ئه‌مه‌ى پێ خراپ نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێتى ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێته‌وه‌ ئه‌گه‌رى زۆره‌ نه‌خشه‌ى پۆسته‌كان گۆڕانكارى به‌سه‌ردابێت.

چاره‌نووسى نێچیرڤان بارزانى له‌نێوان كۆمه‌ڵێك گریمانه‌دایه‌، كه‌ ره‌نگه‌ گریمانه‌ باشه‌كه‌ی چوونى بێت بۆ كورسى سه‌رۆكایه‌تى عێراق، له‌ئەگه‌رى روودانى گۆڕانكارییه‌كان له‌عێراق بارزانى ده‌كه‌وێته‌ وێستگه‌ چاره‌نوسسازه‌كه‌وه‌، ئه‌وكات گڵۆپى سه‌وزى پیرمام و خواستى راسته‌قینه‌وه‌ى خۆى و رێككه‌وتنى نوێى سیاسى ئه‌وه‌ یه‌كلاده‌كاته‌وه‌ كه‌ نێچیرڤان بارزانى ده‌چێته‌ سه‌ر كورسى سه‌رۆك كۆمار، یاخود هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى ئه‌م بابه‌ته‌ى وه‌ك گوشار به‌كارده‌هێنێت، بۆ راگرتنى ده‌سه‌ڵاتدارێتى پێشووى، له‌پێناو له‌ده‌ستنه‌دانى ئه‌وه‌ى كه‌هه‌یبووه‌.